ڤایرۆسی SARS-CoV-2 هۆکاری
تووشبوون بە کۆڤید-١٩یە. ئەم ڤایرۆسە لە جۆری ڤایرۆسی کرۆنا. ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی وردەدڵۆپە
ئالوودەکانەوە دەگوازرێتەوە؛ واتە دەتوانن لە ڕێگەی کۆکین، پژمین و قسەکردنەوە
تووشی بن. هەروەها لەوانەیە لە ڕێگەی دەستلێدان و بەرکەوتن لەگەڵ کەرستە
ئالوودەکانیشەوە ڤایرۆسەکە بۆ نێو لەش بگوازرێتەوە.
بەساڵاچووان و کەسانی تووشبووی نەخۆشییە دریژخایەنەکان ئەگەری تووشبوون و مردنیان بەم نەخۆشییە زیاترە. مەترسیی زیاترتان لەسەرە ئەگەر:
- دووگیانن
- تەمەنتان لە ٦٥ ساڵ زیاترە
- سیستەمی بەرگریتان لاوازە
هەروەها بە هۆی هەر کام لەم نەخۆشییە ئاماژە پێکراوانەی خوارەوە ئەگەری تووشبوونتان زیاد دەبێت:
- ڕەبۆ
- شێرپەنجە
- نەخۆشیی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسەی درێژخایەن (COPD)
- بەڕیشاڵبوونی سیکڵدانۆچکەکان (cystic fibrosis)
- خڵەفان (Dementia)
- شەکرە (جۆری ١ و ٢)
- نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ
- HIV و ئایدز
- نەخۆشییەکانی گورچیلە، سی و جەرگ
- نەخۆشییە دەروونییەکان
- زیادبوونی کێش و قەڵەوی
- کەمجووڵەیی
- دووگیانبوون
- کەمخوێنیی داسی و تالاسیمیا
- سیل/دەردەباریکە (Tuberculosis)
- لاوازبوونی سیستەمی بەرگری
- کۆنیشانەی داون
- جگەرەکێشان
نیشانەکان نەخۆشیی کۆرۆنا
نیشانەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا دەتوانن لە ئاستێکی سووکەوە هەتا تووند دەربکەون. خاڵی گرینگ ئەوەیە لە چەند ڕۆژ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانەوە هەتا نزیکەی ٨ بۆ ١٠ ڕۆژ دواتر دەتوانن ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر بگوازنەوە. نیشانەکانی کۆرۆنا دەتوانێت بریتی بێت لە:
- تا
- لەرز
- کۆکە
- کۆکەی خۆێناوی
- هەناسەتەنگی یان هەبوونی کێشە لە هەناسەداندا
- ماندوویەتی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- نەمانی هەستی چێژتن و بۆنکردن
- گەرووئێشە
- بەربوونی ئاوی لووت و گیرانی لووت
- کێشەگەلی کۆئەندامی هەرس وەکوو هێڵنجدان و ڕشانەوە و سکچوون
- هەبوونی کێشە لە بیرکردنەوە و چڕبوونەوەدا
ئەمانە هەموو نیشانەکانی کۆرۆنا نین و دەتوانن بەپێی جۆری ڤایرۆسەکە جیاواز بن. هەندێک کەس لەوانەیە هیچ نیشانەیەکیان نەبێت و هەندێکێش لەوانەیە هەمووی ئەم نیشانانەیان لێ دەربکەوێت. نیشانەکان دەتوانن بەپێی وەرگرتنی پێکوتە و دۆزی وەرگیراو جیاواز بن. لەوانەیە نیشانەکان لە ماوەی ٢ بۆ ١٤ ڕۆژ دوای بەرکەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە دەربکەون. زۆربەی کات ٥ ڕۆژ دواتر خۆیان نیشان دەدەن. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ئێوە دەتوانن ڤایرۆسەکە، تەنانەت ئەو کاتەی هیچ نیشانەیەکتان نییە، بۆ کەسانی تر بگوازنەوە.
ئەو نیشانانەی تووندن و پێویستە لە دوای دەرکەوتنیان بە خێرایی سەردانی پزیشک بکەن ئەمانەن:
- بە دژواری هەناسەدان
- هەبوونی ئازار یان گوشارێکی بەردەوام لە سینگدا
- سەرلێشێواوی و نەبوونی توانای لە خەو هەستان
- شینهەڵگەڕانی لێو یان ڕووخسار
- گەرمداهاتن، هەبوونی ئازار و دەرکەوتنی نیشانەکانی مەیینی خوێن لە پێیەکاندا
- دیتنی هەر نیشانەیەکی تووندی تر
پشکنین و تاقیکردنەوەکان
ئەگەر نیشانەی کۆڤید-١٩ت لێ دەرکەوێت، دەتوانیت لە ماڵەوە خۆت تاقی بکەیتەوە؛ هەروەها لەوانەیە پزیشکەکەت بڕیار بدات بتپشکنێت. پزیشکان و ستافی دەرمان لەم ڕێگایانە بۆ تاقیکردنەوەی کۆڤید-١٩ کەڵک وەردەگرن:
- سواب (swab)ی لووت یان گەروو
- تاقیکردنەوەی PCR
- پشکنینی خوێن
- ڕوواندنی بەڵغەم
- هەندێک کات نموونەی پیسایی و میزیش پێویست دەبێت.
ئەگەر هەوکردنەکەتان قورس بێت لەوانەیە پێویستتان بە پشکنینی زیاتر بێت، وەکوو:
- ڕادیۆگرافیی سینگ
- سی تی سکەنی سینگ
- بژاردنی تەواوی خڕۆکەکانی خوێن (CBC)